نوقم بوون
کاتێک کە وشەیەک،نیگایەک، پێکەنینێک یان بێ دەنگیەکی هەموو بوونت داگیر دەکا، ئیتر ناتوانی دوور کەویەوە و واز لە هەموو شتێک بێنی. ئەو کاتە ئیتر مەجالێک بۆ ئەوە لە ناخدا بکوڵێی و لە سەرەوە بزە بخەیتە سەر لێوت نامێنێتەوە، یان بتەوێ بە دوو وشە سۆکنایی خۆت دابێنی و وەها نیشان بدەی کە هیچ رووی نەداوە و ئاسمانیش هەر ئەو ئاسمانە شینەی جارانە. ئەگەر وەک رێبوارێک لێوانلێو بی لە خۆزگەی دوور کەوتنەوە، هێشتا ناتوانی ئەو مەودایە بخەیتە نێوان خۆت و دڵەراوکێکانت. ناتوانی هێندە دوور کەویەوە کە ئیتر نیگاش نەتوانێ بتپێکێ. ناتوانی یەک وچان و بێ پشوو مل پێوە نێی. ناتوانی وەها هەنگاو هەڵبڕی کە ئەننەهوو کەسێک لەوسەری رێگا چاوەرێی گەیشتنت دەکات. دەبێ هەر لەو ئان و ساتەدا بمێنییەوە. دبێ نوقمی ئەو چرکەساتە بی و واز لە راکردن بێنی. دەبێ لەوە نەترسی کە ئەو بزانێ لە غەمی پشت پێکەنینەکەی تێ گەیشتووی.
بانگی با کەن، هەورەکانی ئەم ئاسمانە خەوتوون.